سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

راپەڕینێکی دیکە بۆ خۆ بنیادنانەوە

ئێستا لە یادکردنەوەی رۆژانی دەستپێکردنی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١داین، باش دەستیپێکرد و دەستکەوتمان هەبوو، رەنگە لە هەمووی گرنگتر دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئازادبوونمان بێت لە ستەمی بەعس، ئەنجامدانی چەندین هەڵبژاردن، شەش خوولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئێستایش لە سەروەختی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمداین، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا هێشتا ئەنجامەکانی شۆڕشی نوێ و راپەڕین زۆریان ماون بەدی نەهاتوون.

بۆ دوورخستنەوەی هەموو مەترسییەکانی سەر کوردستان و ئەزموونەکەی، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەو هەموو قەیرانە کەڵەکەبووانە دەربازی بێت، پێویستمان بە راپەڕینێکی دیکە، ئەو راپەڕینە دەتوانین ناوی بنێین (چاکسازیی بنەڕەتی بۆ کوردستانێکی ئاوەدان، بەهێزتر و گەشاوەتر).

ئامانجی ئەم راپەڕینەیان دەکرێ بۆ راماڵینی دەسەڵاتی خۆماڵی نەبێت، بەڵکو بۆ چاککردنەوەی خراپییەکانی، بنیادنانەوەی دامەزراوەکانی، ساڕێژکردنەوەی برینە سیاسییەکانی، بۆ ئەوە بێت گەندەڵی بنبڕ بکرێت و دیموکراسی چەسپاوتر و ئازادییەکان فراوانتر و یاساکان سەروەر بکرێن، بۆ ئەوەی ببینە هەرێمێکی نموونەیی، کە دەبوو لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا ئەوەمان بکردایە.

هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە زیاتر لەسەر پێی خۆی بووەستێ، سیستمە سیاسییەکەی بە دامەزراوەیی بکرێت، ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکانی بە یاسا رێکبخرێت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات تیایدا ئاسایی و ئاسان بێت، هێزی چەکدار بکرێتە هێزێکی نیشتمانی و بۆ بەرگریی بێت لە خاکی کوردستان، دەستی حزب نەبێتە ئاشی هەڵسوڕانی جومگە و دامەزراوە نیشتمانییەکان، هاوڵاتییانی کوردستان لە ئەرک و مافدا یەکسان بن.

هەرێمی کوردستان لە رێگەی بنیادنانی ژێرخان و سەرخانەکەیەوە دەتوانێت سەرەتا پرۆسەی سەربەخۆبوون دابنێ، ستراتیژی نیشتمانی دابنرێت بۆ ئەوەی مەترسییەکان لەناو ببرێن و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی ببوێژێنرێتەوە، وا بکرێت خەڵک هەست بە نامۆیی نەکات لە وڵاتەکەی خۆیدا، بگرە خەڵک ببێتە سەرچاوەی هەموو هێزە سیاسی و یاساییەکانی کوردستان.

هێزە سیاسییەکان دەتوانن ئەمجارەیش لەگەڵ خەڵکی پێکەوە راپەڕنەوە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ بنیادنانەوەی کوردستانێکی پڕ لە قەیران و بێ متمانەیی و پەرتەوازەیی، بۆ ئەوەی داهات و داهاتووی خەڵک بەفیڕۆ نەچێت و خوێنی شەهیدەکانیش هەر بە سووری بمێننەوە.

ئەگەر رانەپەڕینەوە و کۆک نەبین لەسەر بنیادنانەوەی کوردستان، دوور نییە ئەزموونەکەمان مەترسییەکانی سەری گەورەتر نەبن، دەشبینین سەدان نەیار و دوژمن بۆ لەناوبردنی کوردستان لە کەمیندان، زوو یان درەنگ دەرفەتیان هەبێت دەمانگەڕێننەوە خاڵی سفر.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan