د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

سودان، وڵاتی کودەتاکان

سودان لە ساڵی 1956 سەربەخۆیی وەرگرتووە، پێش ئەوە لەژێر دەسەڵاتی دوولایەنەی میسر و بەریتانیادا بوو. خدێوی میسر بەڕێوەبەری گشتیی بۆ دادەمەزراند، بەڵام بەریتانیا بۆی دەستنیشان دەکرد. ناوی سودان لە عەرەبییەوە وەرگیراوە، واتا (خاکی رەشپێستەکان).

ئێستا سێیەم گەورەترین وڵاتی عەرەبییە پاش سعودیە و جەزائیر، بەڵام پێشتر گەورەترین وڵاتی عەرەبی و ئەفریقی بوو تا ساڵی 2011 کە سودانی خوارووی لێ جیابووەوە و سەربەخۆیی وەگرت، دوای ئەو ریفراندۆمەی کە تیایدا زۆرینەی خەڵکی سودانی باشوور داوای سەربەخۆییان کرد. 

ژمارەی دانیشتوانی نزیک 44 ملیۆنە. بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت بە کشتوکاڵ و هەندێ کانزای وەک زێڕ دەبەستێت، کە لە سەدا چلی دەستکەوتی هەناردەی پێک دەهێنێت. پێش جیابوونەوەی سودانی باشوور، نەوت باشترین هەناردەی بوو، بەڵام لە سەدا حەفتا و پێنجی نەوتەکەی دەکەوتە سودانی باشوور. 
زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئیسلامی سوننەن. لە چەند گەلێکی جیاجیا پێک هاتوون، پەیوەندی خێڵەکییان زۆر بەهێزە. 

سودان، وەک زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، هێزی سیاسیی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لەگەڵ شەپۆلە ئایدیۆلۆژییەکاندا؛ لە چەپەوە بۆ نەتەوەپەرست و پاشان بۆ ئیسلامیی گۆڕاوە.
زۆر کەم دەسەڵاتی مەدەنی بەخۆیەوە بینیوە، زۆربەی کات لەژێر دەسەڵاتی سەربازیدا بووە. لەو ماوە کەمانەی کە حوکمی مەدەنی لە دەسەڵاتدا بووە: لە ساڵی 1956 بۆ 1958، لە 1964 بۆ 1969، لە 1985 تا 1989 لە 2019 تا 2021. لەدوای سەربەخۆییەوە تا دواکودەتا لە 25ی تشرینی یەکەمی2021، 35 جار هەوڵی کودەتا دراوە و تەنیا پێنجیان سەرکەوتوو بوون و بەمەی دوایی دەبێتە شەش جار ئەگەر جێگیر بێت. تاکە کودەتا لەلایەن سوپاوە کرابێت و دەسەڵات درابێتە هێزی مەدەنی، کودەتای ساڵی 1985 بوو بە سەرکردایەتی عەبدولڕەحمان سوار ئەلزەهەب، ئەمە تاکە رووداوە لە مێژووی وڵاتانی عەرەب روویداوە. بەداخەوە، بەهۆی ناکۆکیی نێوان پارتە سیاسییەکان و بوونی ئایدیۆلۆژیای جیاواز، نەیانتوانیوە بەردەوام بن و سوپا بە سەرکردایەتی عومەر ئەلبەشیر دەسەڵاتیان گرتەدەست. 
دەسەڵاتەکەی عومەر حەسەن ئەلبەشیر، درێژترین دەسەڵاتی سەربازییە لە سودان، کە لە ساڵی 1989 بە یارمەتی ئیخوانە ئیسلامییەکان چووە سەر حوکم و بۆ ماوەی سی ساڵ بەردەوام بوو. حوکمی ئیسلامیی دامەزراند و گۆڕانکاری لە دامودەزگاکاندا کرد و خەڵکی ئیسلامیی لە پۆستەکاندا دانا و هەندێک یاسایان دژ بە ئازادی دەرکرد، بەتایبەتی دژ بە ئازادیی ژنان. هەروەها کەوتنە گیانی هەموو پارتە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆن و بزووتنەوەی جوداخوازی دارفۆر و خوارووی سودان و رۆژهەڵات. بەهۆی بڕیاری ئابڵۆقە و سزای ئابووریی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بەسەر سوداندا، ئابوورییان تووشی داڕمان بوو و برسیەتی بڵاوبووەوە، بەتایبەتی دوای رووداوەکانی دارفۆر. 

ئەلبەشیر ترسی لە سوپا بوو کودەتای بەسەردا بکەن، بۆیە هەوڵی دا دەسەڵاتیان کەم بکاتەوە و هێزێکی میلیشیای بەناوی "هێزی پشتیوانیی خێرا" کە بە "جەنجاوید" ناسراون، دروست کرد. ئەو هێزە لە سوپا زیاتر گرنگییان پێ دەدرا و چەکەکانیان زۆر لە چەکەکانی سوپا باشتر بوو. جەنجاوید، بە زمانی دارفۆری، واتا (ئەو پیاوەی لەسەر ئەسپە و رەشاشی بەدەستە). سەرکردایەتی ئەو هێزە بە (محەمەد حەمدان دقلو)ی ناسراو بە (حەمیدتی) سپێردرا. جەنجاوید بچوونایەتە هەر شوێنێک، دوای کۆمەڵکوژیی خەڵکەکەی، تاڵانیان دەکرد و ژنەکانیان بە کۆیلە دەبرد و دەیانفرۆشتن. لێپرسراوەکانیان بوون بە سەرمایەداری گەورە و خاوەن کارگەی چەک. ئەم هێزە بوو بە هێزی ئیمپراتۆریەتی ئابووری و دەسەڵاتی بەسەر ئابووریی وڵاتدا گرت. لە کاتی دامەزراندنی، پێنج هەزار چەکدار بوون، بەڵام ئێستا نزیک 40 هەزار چەکدارن. ئەم چەکدارانە، ئێستا وەک بەکرێگیراو لە یەمەن، بۆ سعودیە و ئیمارات کار دەکەن.

ئەلبەشیر، لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، تاوانبارە و داوای دادگاییکردنی دەکەن بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی، چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، نزیکەی 300 هەزار لە دانیشتوانی دارفۆر کە عەرەب نەبوون و لە گەلانی ئەفریقی بوون، کوژران و بە سەدان هەزاری تریش دەربەدەر بوون.
لە ساڵی 2013، وەک چۆن بەهاری عەرەبی لە زۆربەی وڵاتان گۆڕانکاریی هێنایە کایەوە، لە سودانیش بە هەمان شێوە. دوای خۆپیشاندان، هەندێک گۆڕانکاریی کرا و هەندێک بەڵێن دران، بەڵام ئەلبەشیر هەر مایەوە.

لە کۆتایی 2018، خۆپیشاندانی فراوان هەموو سودانی گرتەوە بە خەرتومی پایتەختیشەوە، بەهۆی گرانی و خراپیی باری ئابووری. بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانانە، لە هەموو لایەک و ئایدیۆلۆژیایەک بوون، تەنیا دروشمی "بەس بڕووخێ"یان هەڵگرتبوو. هەرچەند پارت و رێکخراوی زۆر بەشدار بوون، لەوانە کۆبەندی پیشەییەکانی سودان، بەڵام کەس سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکانی نەدەکرد. خۆپیشاندانەکان ئاشتییانە بوون، بەڵام وەڵامی دەسەڵات توند بوو. خۆپیشاندەران داوایان لە سوپا کرد دەسەڵات بگۆڕێت.

دوای لادانی بەشیر و دانانی لەژێر چاودێری، لە ئەیلولی 2019 حکومەتێکی کاتیی دامەزرا بۆ ماوەی 39 مانگ، بەو مەرجەی دوای ئەوە حکومەتێکی مەدەنی دابمەزرێنن. حکومەتەکە بەناوی ئەنجومەنی کاتیی دانرا و ئەنجومەنی سەرکردایەتییان دانا، کە لە 11 کەس (پێنجی سەربازی و شەشی سڤیل) پێک هاتبوو. فەریق عەبدولفەتاح بورهان وەک سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە و حەمیدتی وەک جێگری دانران. هەرچەندە حەمیدتی ئەلبەشیر گەورەی کردبوو و دەسەڵاتی زۆری دابوو پێی، بەڵام یەکێک بوو لەو کارەکتەرانەی رۆڵی گرنگی هەبوو لە لادانی بەشیر. 

عەبدوڵڵا حەمەدۆکی ئابووریناس، وەک سەرۆکوەزیران دانرا. هەندێک هەنگاوی باشیان نا، بەتایبەتی لە بڕیارەکانی تایبەت بە مافی ژن و نەتەوەکان؛ وەک ئاشتیی لەگەڵ دارفۆر و پارێزگاکانی نیلی شین و خوارووی کەردڤان.
باری ئابووریی وڵات گۆڕانکاریی بەسەردا هات و سودان لە لیستی رەشی ئەو وڵاتانەی پشتگیری تیرۆریان دەکرد، لابرا. 

لە ئابی 2020، خۆپیشاندان دەستی پێ کردەوە دژ بەوەی حکومەت بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە و باری ئابووریی بەرەو خراپتر رۆیشتووە و هەڵاوسانێکی زۆر رووی داوە و نرخی جونەیهی سودانی زۆر دابەزیوە. لەو کاتەوە خۆپیشاندانی گەورە بەردەوام روو دەدات.
لە ئەیلولی 2021، لەلایەن لایەنگرانی ئەلبەشیرەوە هەوڵی کودەتا درا، بەڵام سەری نەگرت.
لە 25ی تشرینی یەکەمی 2021، ئەلبورهان، حکومەتی هەڵوەشاندەوە و بەشێک لە وەزیرەکانی گرت و حەمەدۆکی دەستبەسەر کرد. حاڵەتی نائاسایی راگەیەنراوە. بەشێک لەو باڵیۆزانەی دژ بە کودەتاکە بوون، لەسەر کار لابران. بڕیار وایە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەسەڵات بداتە دەست کەسایەتییە مەدەنییەکان. کاردانەوەی جەماوەر بەرامبەر ئەلبورهان بە خۆپێشاندان بووە و داوای دانانی حکەمەتێکی مەدەنەی دەکەنەوە بە زووترین کات.
ئەلبورهان، ئەو کارەی بە کودەتا نازانێت، بەڵکوو دەڵێت "ئامادەباشی دەکەم و رێگە خۆش دەکەم تا حکومەتێکی مەدەنیی تەکنۆکراتی دوور لە پارتە سیاسییەکان دابنێم". 

ئەوەی ئاشکرایە، ئەو حکومەتە کاتییەی دامەزرابوو، ناکۆکیی زۆریان هەبوو، هێزی ئازادی وگۆڕان کە لە چەند حزب و گرووپێک پێک هاتوون و جیاوازیی بۆچوونیان زۆرە. 
ئەلبەشیر، ماوەی سی ساڵ لەسەر حوکم بوو، پشتی بە سوپا و میلیشیا بەستبوو، هەر بۆیە زۆر لەوانە تێوەگلاون لە گەندەڵی  ترسیان لێ نیشتووە. دوای دەستبەسەرکردنی ئەلبەشیر، یەک ملیۆن دۆلار لە ماڵەکەی دەستی بەسەردا گیرا. حکومەتی کاتی، ئێستا رازیی بووە ئەلبەشیر بدات بە دادگای نێودەوڵەتی، لەکاتێکدا پێشتر هەوڵ دەدرا لەنێو وڵات دادگایی بکرێت. ئەمە مەترسیی ئەوەی هەیە ناوی خەڵکی گرنگ چ لە سوپا و چ لە کارەکتەری جیهانیی ئاشکرا ببن. لەو تاوانانەی لە دارفۆر ئەنجام دراون، سوپا و پۆلیس و میلیشیا بەشدار بوون و مەترسیی دادگاییان لەسەرە.

سوپا کۆنترۆڵی زۆربەی سەرچاوە ئابوورییەکان و هەناردە و هاوردەی لەژێر دەستە، ترسی ئەوەیان هەیە لە کاتی بوونی حکومەتی مەدەنی، ئەم دەسەڵاتانەیان نەمێنێت.
هۆکاری دەرەکیش کاریگەریی خۆی هەیە؛ میسر پێی خۆشە سوپا لە دەسەڵاتدا بێت، بەتایبەتی لە ئێستادا کە لەگەڵ ئەسیوپیا لەسەر بەنداوی نەهزە ناکۆکیی هەیە، گەر حکومەت مەدەنی بێت، لە بۆچوونیان دڵنیا نابێت بە چ لایەکدا دەیشکێننەوە، هەروەها هێزە مەدەنییەکان خۆیان ناکۆکن لەگەڵ یەک و یەک هەڵوێستیان نابێت، بەڵام سوپا گەر ناکۆکیشیان لەنێواندا بێت، بەو شێوەیە نابێت، بۆیە پێویستی بە هەڵوێستی سوپایە پشتی بگرێت.

سعودیە و ئیمارات هەرچەندە بەیاننامەیەکیان دەرکرد و داوای چارەسەری ئاشتییانە دەکەن، بەڵام دژایەتییان دەرنەبڕی. هەردوولا پشتیان بە میلیشیاکانی سودان بەستووە شەڕی حوسییەکانی پێ دەکەن و پاراستنی سنووری ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ یەمەن، بەوان سپێردراوە. 
ئەمەریکا زوو نیشانی دا کە لەگەڵ ئەو کودەتایە نییە و ئەو یارمەتییەی بۆ سودانی دانابوو (700 ملیۆن دۆلار)، رایگرت. 
حکومەتی کاتیی پێشوو، پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبووەوە، بۆیە ئیسرائیل لەو گۆڕانکارییە نوێیەدا نازانن چۆن هەڵوێست وەربگرن.

چین و روسیا سنوورەکانیان دوورە و مەترسیی گەورەیان نییە، روسیا ئەو کودەتایەی بە ئاسایی لەقەڵەم دا و وتی: "شتێکی تازە نییە".
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan