نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ئەی نووسینەکەی ناو دڵی کەرکوکییەکان چی لێدەکەن؟

لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە لە ساڵی 2003، ھیچ سەرکردە و سیاستمەدارێک، ھێندەی تاقمە شۆڤێنییەکەی ئێستای کەرکوک، کاری بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوونی کەرکوک نەکردووە، رەنگبێ لە خەویشدا، ھەر بیری لای ئەو کارەی بێ، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەو کارانەی بڵقی سەر ئاون و ئەوەی دوژمنانی کورد بە کەرکوکی دەکەن، لە کون فە یەکونێکدا، پووچەڵ دەکرێتەوە.

خوێندنەوەی مێژوو بۆ سیاسەتمەدارەکان لەپێش ھەموو کەسێکی دیکەوە دوای نووسەرەکەی بۆ سیاسییەکان باشە، چونکێ گەر ئەزموونەکانی مێژوو نەبێتە ھۆی راستکردنەوەی چەوتییەکانیان، ئەوا تووشی شکستی گەورە دەبن و کۆتایی ژیانی سیاسی خۆیان دەبینن.

 تیمە شۆڤێنییەکە بە بیانووی نوژەنکردنەوەی تابلۆی سەر شەقامەکان، کەوتوونەتە پیلان لە زمانی کوردی، زمانی مێژوو و خەڵکی کەرکوک، ئەو زمانەی راکان ھەر ناشتوانێ و ئیرادە ناداتە خۆی چەند وشەیەکی لێوە فێربێت.

تەعریبکردنی تابلۆی شەقامەکان فێڵە و لە توولە رێگەی سیاسەتی تەعریبەوە ھاتووە نەک سیاسەتی راستکردنەوەی مێژوو، مێژوو سەلماندوویەتی بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت، عوسمانییە تورکچییەکانیش لە نەخشەی دەوڵەتەکەیاندا ئەو راستییەیان نەشاردووەتەوە، کەچی ئاغای جبووری دێت بە فێڵێ تابلۆ دەیەوێت کەرکوک تەعریب بکاتەوە؛ دەشزانێ پێیناکرێت، بە کوردیش بۆی ناچێتەسەر.

لە پەنای داوای کوردستانی بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی پێکەوەژیان، بەشێک لە سیاسییە عەرەبەکان تەعیبکردنەوەی کەرکوکیان کردووەتە دروشم و بە بەرنامە کاری بۆ دەکەن، ئەمە پێکەوەژیانە یان چاندن و ژیاندنەوەی تۆوی دوژمنایەتی.

دوای ھاتنەدەنگ لەو سیاسەتە بیانووی لاواز ھەیە و بڕیاروایە زمانی کوردیشی بۆ زیادبکەن، بەس پێویستە فشاریش بکرێ بۆ ئەوەی نووسینە کوردییەکە لە سەرەوە بێ، بۆ بیسەلمێنین کەرکوک کوردستانییە و سەرەڕای تەعریبی چەند ساڵەش ھێشتا ھەر زۆرینەی کوردن.

شۆڤێنییەتی ئەوان نابێ ببێتە ھۆکاری شۆڤێنیبوونی کوردیش، بەڵام ناشکرێت سازش لە داوا رەواکە بکرێت، ئاخر بیرکردنەوەکانی جیاوازن، ھی کورد گەورە و سەردەمیانەیە و ھی راکان جبووری و ھاوسیاسەکانیشی زۆر بچووکن، کورد ئەوانی لەسەر خاکی خۆی لەبەر ئاشتەوایی و پێکەوەژیان قبووڵ کردووە و ئەوانیش چونکە بیرکردنەوەیان تەسکە و بڕوایان بە پێکەوەژیان نییە دەچن تابلۆی شەقامەکان تەعریب دەکەن، ئەی چی لەو نووسینەی سەر دڵی کەرکوکییەکان کە نووسراوە: کەرکوک شارێکی کوردی و کوردستانییە؟
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan