د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

زمانی زبری گەنجان دژ بە ژن لە سۆشیال میدیادا

دیاردەیەکی مەترسیدار و ناشیرین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەربڵاوە، کە تەنیا لەنێو گەنجی کورددا نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی جیهانییە بە رێژەی جیا جیا، ئەویش دەمپیسی و بوختان هەڵبەستنە بەرانبەر بە خەڵکی سیاسی، رۆشنبیر، سەرمایەدار، گۆرانیبێژ و مۆدێلەکان... جۆری ئەم دەمپیسییە بەرانبەر بە پیاو و بەرانبەر بە ژن جیاوازە، بەرانبەر بە ژن زۆر توندترە وەک لە پیاو.

بەشێوەیەکی گشتی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێخۆشکەرن بۆ ئەم دیاردەیە، ئەویش بەهۆی فراوانیی پەیوەندییەکان، ئاسانیی پەیوەندی دروستکردن و خۆشاردنەوە بە ناوی خوازراو... تەنیا ئامێرێکی مۆبایل یان کۆمپیوتەرێک بەسە تا ئەو کەسە لەو رێگەیەوە رق و کینەی بەتاڵ بکاتەوە. 

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی، لە ساڵی 2018 باس لە تویتەری ژەهراوی دەکات، تویتەر نەیتوانیوە رێگری بکات لە توندوتیژیی بەرانبەر بە ژن و ببێتە مینبەرێکی پارێزراو بۆیان. رێکخراوی "پلان ئینتەرناشناڵ" لە راپۆرتێکدا باس لە 22 وڵات دەکات کە لە سەدا پەنجای ژنانیان کەوتوونەتە بەر توندوتیژی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەو هۆیەوە یەک لەسەر پێنجی ژنان وازیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێناوە. هەروەها بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2021، لە سەدا حەفتای ژنان لەو وڵاتانەی کێشەی هەژاری و شەڕیان تێدایە، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە توندوتیژییان بەرانبەر دەکرێت. 

ئەو کەسانەی بوختان بۆ خەڵک هەڵدەبەستن، یان زمانی زبر بەرانبەر بەو کەسانە بەکار دەهێنن کە دوورونزیک نایانناسن و هەر ناویان بیستوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ لە زانستی کۆمەڵناسیدا وەک کەسێکی دەروون نەخۆش و رقئەستوور بەرانبەر بە کۆمەڵگە دادەنرێن، دژ بە پێوەرەکانی رەوشتە گشتی و کۆمەڵایەتییەکان هەڵسوکەوت دەکەن. ئەو کەسانە پەراوێزخراون، کێشەی خۆبەکەمزانین و بێبەهایی و کەمبەرهەمییان هەیە و هەست بە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکەن؛ بێکار، بێهاوسەر و بێمنداڵن، هەستی چاوچنۆکی و ئیرەیی بەسەریاندا زاڵە و بێدەسەڵاتن بەرانبەر حەز و ئارەزووەکانیان، رقئەستوورن بەرانبەر هەموو خاوەن توانایەک و بەرانبەرەکانیان بە هۆکاری بێتوانایی و کەموکوڕییەکانیان دەزانن. هەر کەسێک لەگەڵ بیروباوەڕیان نەگونجێت، زمانی توند و زبر لە دژی بەکار دەهێنن. خاوەنی بیروباوەڕی مێگەلین و پۆپۆلیستانە بەدوای بیروڕاکان کەوتوون، زۆر رووکەشگەران و لاوازن لە گفتۆگۆی بە بنەما؛ پەنابردن بۆ زمانی زبر، هەستی پێ بەرزبوونەوە و بەهای دۆنکیشۆتانەیان پێ دەبەخشێت و وەک بڵقی سەر ئاو دەتەقن. 

کاتێک سەیری پرۆفایلی ئەو کەسانە دەکەیت، ئەو پۆستانەی کردوویانە بریتین لە: وێنەکانیان بە جلوبەرگ و مۆدێلی قژبڕینی جیا جیا، هەندێک قسەی ئەم و ئەو لە خەڵکانی بەناوبانگ وەریانگرتووە، هەندێک ڤیدیۆی ئەم مەلا و ئەو مەلا و هەندێک ئایەتی قورئان... بەگشتیی فایلەکانیان بەتاڵە و ئاکتیڤ نین، بەڵام بۆ کۆمێنتدان ئازان. زۆربەیان بە پرۆفایلەکانیاندا دیارە کە کەسانێکن رادەی زانیاری و تێگەیشتنیان نزمە.

راستە ئەم زمانزبرییە بەرانبەر سیاسییەکان و دەسەڵاتداران و کچە مۆدێلەکان زۆرە، بەڵام ئەوەی زیاتر بە ناسروشتیی دەبینرێت لە نێو گەنجی کورد، ئەو زمانزبرییە نائەخلاقیە تا رادەی قێزەونەیە بەرانبەر بە ژنانی خاوەن بیروباوەڕێک کە لەگەڵ بیروباوەڕی ئەو جوێنفرۆشانە ناگونجاێت و هیچ خەسڵەتێکی ژنی بەدڕەوشتیشیان تێدا نابینرێت. زۆربەی ئەو جوێنانەی بە ژن دەدرێن، لایەنی سێکسیی بەسەریاندا زاڵە و لە شەرەف و نامووسی دەدەن و خۆ ئەگەر ئەو ژنە جوان نەبێت یان پیر بێت، دیسانەوە هێرشەکان هەر شێوەی سێکسین، بەڵام وەک کاڵایەکی بێبەهای سێکسیی جوێنەکانیان ئاراستە دەکرێت. 

لە کوردستان هۆکارەکان زۆرن، هەندێک لە هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان و هەندێک مەلا و بانگخواز بوونە هۆی زۆری و بەربڵاوی و شەرمشکاندنی خەڵک لە هەموو قسەیەکی نەشیاو و شکاندنی سنوور و بەها کۆمەڵایەتییەکان و بە کەسییکردنی ناکۆکییەکان و بۆچوونەکان. بڵاوبوونەوەی تیک تۆک و ڤیدیۆی بوز و هەندێک کەسی دەمپیس و بەدڕەوشت و زۆریی فۆڵۆوەر و پەیداکردنی پارە لەو رێگەیەوە، هۆکارێکی ترە. بێتوانایی دایک و باوك لە پەروەردەکرنی منداڵیان و نەبوونی زانیاری لە بارەی تەکنەلۆژیای سەردەم لەلایەن ئەو دایبابانە، منداڵ هەست دەکات لە دایبابی بەتواناترە و گوێیان بۆ راناگرێت و ریشەی پەروەردەی خێزانیی تێک دراوە. هەروەها نەبوونی سانسۆری دایباب بەسەر منداڵەکانیان و ئازادیی زۆری منداڵ لە سەیرکردنی هەر بابەتێک بیانەوێت و هاوڕێیەتیکردنی هەر کەسێک بیانەوێت. جیاوازیی چینایەتی زۆر، بەتایبەتی لەو دوو دەیەیەی رابردوو، پەیداکردنی پارە بە رێگەی زۆر ئاسان و بێ خۆماندووکردن،  نەبوونی پەروەردەیەکی سەردەمیانە لە خوێندنگەکان، کە نەیانتوانیوە هاوشانی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە بڕۆن، بێبەهاکردنی خوێندن و بڕوانامە و بەدەستهێنانی زۆر بە ئاسانی لەلایەن هەندێک کەس و بێبایەخکردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە. بەرزبوونەوەی ئەو کەسانەی خاوەنی هێزی چەکدارین، بێبەهاکردنی سیاسەت و سیاسەتمەدار و دید و فکر و وڵات و خاک... ئەمانە و بەدەیان هۆکاری تر، گۆڕانکاری گرنگی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێناوەتە ئاراوە و زۆرێک لە گەنجی کورد سەری لێ شێواوە.

جوێن و بوختان، لە قورئان و لە فەرموودەدا قەدەغە کراون. کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی لە باشوور، کۆمەڵگەیەکی بەناو ئیسلامییە و گوایە پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکەن زۆر زیاتر لە چاو سێ بەشەکەی تری کوردستان، لەگەڵ ئەوەش، زمانی زبر لەنێو ئەو پارچەیە دیارترە. لە چەند ئایەت و فەرموودەیەکدا هاتووە کە ئیسلام دژی دەمپیسییە، وەک: لە ئایەتی 11ی سورەتی الحجرات: "وَلَا تَلْمِزُوا أَنفُسَكُمْ وَلَا تَنَابَزُوا بِالْأَلْقَابِ ۖ بِئْسَ الِاسْمُ الْفُسُوقُ بَعْدَ الْإِيمَانِ ۚ وَمَن لَّمْ يَتُبْ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ" و لە ئایەتی 70 لە سورەتی الاحزاب: "يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّـهَ وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا". هەروەها لە چەند فەرموودەیەکی پێغەمبەریشدا هاتووە: "إذا قالَ الرَّجُلُ: هَلَكَ النَّاسُ فَهو أهْلَكُهُمْ"، "ليسَ المؤمنُ بالطَّعَّانِ ولا اللَّعَّانِ ولا الفاحشِ ولا البَذيءِ"، "ما من شيءٍ أثقلُ في ميزانِ المؤمنِ يومَ القيامةِ من خُلقٍ حسنٍ وإنَّ اللهَ يُبغضُ الفاحشَ البذيء" و "إِيَّاكُمْ والفُحْشَ والتَّفَحُّشَ ، فإنَّ اللهَ لا يحبُّ الفَاحِشَ والمتفحش"... زۆرێک لە فەرموودەی تر هەن کە رێگری لە ئیسلامخواز دەکەن دەمی پیس بێت. بەهۆی ئەوەی ئەو گەنجانە تەنیا رووکەشی ئیسلامەکە دەزانن، بەدوای مێگەلە دەمپیسەکە دەکەون و بێڕێزانە و نەزانانە گوفتاری دەمپیسی زاڵە بەسەریاندا.

تەنیا رێگەچارە، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییە جا لە هەر بیروباوەڕێک بێت، رۆڵی پەروەردە لە نێو خێزان و خوێندنگەکان و مزگەوتەکان ئەرکی سەرەکییە و ئامۆژگاری بێ پەروەردە، چارەسەر نییە. 
 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan