خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

عیراق لەبەردەم تۆفانی هەرێمایەتیدا

لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە لە ساڵی 2003، عیراق بووەتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ بەڕێوەچوونی ململانێکان لەنێوان کارەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، بەشێوەیەک سەرکردایەتیی سیاسی عیراق هێندە لەژێر کاریگەریی سیاسەتی وڵاتاندا بووە نیو هێندە سەرقاڵی پرۆسەی حوکمڕانیی ناوخۆیی نەبووە، دەرئەنجامی ئەوەیش ئەوەیە عیراقیک دەبینین رۆژ لەدوای رۆژ لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و گەندەڵی تیایدا لە ئاستێکی بەرزدایە و بێکاری و هەڵاوسانی ئابووری ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە و سیاسەتی مەزهەبی و خێڵەکیش جێگای پرۆسەی دیموکراسی و مەدەنی گرتووەتەوە.

لە عیراقێکی وادا مەترسی لەسەر هەم پرۆسەی سیاسی هەم چارەنووسی سیاسی گەلەکانیشی هەیە:
یەکەم: دەستپێکی پرۆسەی دیموکراسی لەدوای ساڵی 2003ەوە کەوتووەتە بەردەم مەترسی لەناوچوون، لەناوچوونی دیموکراسی لە قۆناغێکی وادا پەیوەندی بەوەستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەلەناوچوونەوە هەیە، ئەمە دەچووێنرێ بەوەی پێش زمانگرتن بمرێ.
دووەم: تۆخبوونەوەی بیری مەزهەبی و شیعە و سوننەگەرایی لەبری هەوڵدان بۆ بیناکردنی هاوڵاتی و دروستکردنی هەستی نیشتیمانی، ئەمە لە وڵاتێکدا کە شوناسێکی دیموکراسی هەبێت یەکسانە بە دووڕوویی سیاسی و نەبوونی متمانە کە ئاسان نییە لە سایەی ئەو فۆرمە سیاسەتکردنەدا مرۆڤ ئاییندە و شوناسی پارێزراو بێت.

سێیەم: نەبوونی ستراتیژیی ئاییندەخوازی و پرۆژەی نیشتیمانی و گیرۆدەبوون بە هەیمەنەی سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و بە گۆڕەپانکردنی عیراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان، ئاستی گەشەی سیاسی دەکاتە سفر. مەترسی ئەمە لەوەدایە سفرکردنەوەی گەشەی سیاسی سەردەکێشێ بۆ مردنی حەتمی و کۆتایی پرۆسەکە.

چوارەم: خراپی پەیوەندی پێکهاتەکانی سیاسی و نەتەوەیی لە عیراق جۆرێکە لە سەرەتاکانی کۆتایی پرۆسەی پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کورد لە بارێکی وادا هەوڵی بێ لایەنی و دوورەپەرێزی دەدات، سوننە وردە وردە بیر لە هەرێمی جیاواز دەکاتەوە و ئەوەش ئاییندەی عیراق دەخاتە مەترسییەوە.

دەرئەنجامێک کە لێرەوە بینیمان دۆخێکی خوڵقاندووە تۆفانێکی سیاسی رووی لە عیراق کردووە، رووداوەکانی وەکو خۆپیشاندانە سێ مانگییەکەی عیراق و کوشتنی قاسمی سولەیمانی و کاردانەوەی ئێران بەرانبەر سوپای ئەمەریکا کۆمەڵێک پێدراوی دیکەیان خستووەتە بەردەست کە پێناچێت شتی باشیان لێ بخوێندرێتەوە.

هەرێمی کوردستان جۆرێک لە بێلایەنی هەڵبژاردووە، بێلایەنی سیاسی لە دۆخێکی وادا کە ناوچەکە دەکوڵێت و هەژاوە مەرج نییە سیاسەتێکی دروستبێت،
 دۆخێکە پێویستی بە پرۆژەی سیاسی، وردئاگایی، ریالیستی تێکەڵ بە سەرکێشی هەیە. کوردستان بۆ ئێستا لەهەمووکات زیاتر دەرفەتی خۆ سەلماندنی بۆ هاتووەتە پێش لەوەی چەند لەگەڵ مانەوەی عیراقێکی فیدراڵ، دیموکراسییەکەی بەهێز، پێکەوەژیانێکی راستەقینە و جێبەجێکردنی دەستوور هەیە.

لە پەراوێزی تۆفانی سیاسی هەرێمایەتی و عیراقدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە دیپلۆماسیەتی کوردی ئەبدەیت بکاتەوە، لۆبییە شێواز و پەرتەوازەکەی بخاتەوەگەڕ، بەرژەوەندیی کردەیی دروست بکات لەگەڵ زلهێزەکان، پرسەکانی ئازادیی میدیایی و سیاسی تۆختر بکاتەوە و مافەکانی مرۆڤ پارێزراوتر بکات.

خۆپاراستن لە تۆفانی سیاسی عیراق بە بوونی هێزی پێشمەرگەی نیشتیمانیی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان دەکرێت، بوونی گەندەڵی و نەبوونی ئازادی و نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و نەڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەنێوان مرۆڤاکاندا زیانی گەورەی بۆ ناوبانگی سیاسی هەیە، کوردستان نابێت ئەو دەرفەتە لەدەست بدات.
https://www.youtube.com/watch?v=32xeWO4osoU
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan