د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

بەنداوی نەهزە، کێشە مەترسیدارەکەی میسر و ئەسیوپیا

ئەسیوپیای فیدراڵی، لە ساڵی 2011 بڕیاری دروستکردنی بەنداوی نەهزەی دا. زۆر دەمێکە ئەسیوپیا هەوڵی دروستکردنی ئەو بەنداوە دەدات و بیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجای سەدەی رابردوو، بەڵام لە لایەک میسر رێگری لێدەکرد و لە لایەکی تریشەوە باری ئابووری و سیاسی و حوکمڕانیی وڵاتەکە خۆی یاریدەدەر نەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژە گەورەیە. 

لە کاتی بەهاری عەرەبی و دروستبوونی بزووتنەوەی جەماوەریی میسر و دامەزراندنی حکومەتێکی تازە و ناجێگیری سیاسی و مژۆڵبوونی سوپای میسر بە ئاسایشی ناوخۆوە؛ ئەسیوپیا بە هەلی زانی و دەستیکرد بە دروستکردنی ئەو بەنداوە. کارەکە درا بە چەند کۆمپانیایەک، کۆمپانیای ئیتاڵی و ئەڵمانی و فەرەنسی وچینی و ئەمەریکیش بەشدارن. 

بڕیار وابوو لە ساڵی 2017 بەنداوەکە تەواو بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە، لە ساڵی 2015 کارکردن لە پرۆژەکەدا وەستا و پاش قەرزەکانی چین و ئیمارات و سعودیە و ئەمەریکا، دەستکرایەوە بە ئیشکردن تیایدا، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی تەواو نەبووە و تەنها بەشی یەکەمی ژێرەوەی پڕ لە ئاو کراوە. 

بودجەی پێنج ملیار دۆلار بۆ پرۆژەکە دانرابوو، بەڵام تا ئێستا هەشت ملیاری بۆ خەرج کراوە.

بەنداوی نەهزە، لە ناوچەی بەنی شنقول، لە دووریی 15کم لە رۆژهەڵاتی سنووری ئەسیوپیا و سودان دروستدەکرێت، لەسەر رووبەری 1800م2 و بەرزییەکەی 170 مەترە، قەبارەکەی ئاوگرتنی 74م سێجایە، 8500 کرێکار بە بەردەوامیی شەو و رۆژ کاری تێدا دەکەن.

بەنداوی نەهزە، بە قەبارە دەبێتە گەورەترین بەنداو لە ئەفریقیا و دەیەم لەسەر ئاستی جیهان.

ئەم بەنداوە، زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایە و دەبێتە گەورەترین بەنداوی بەرهەمهێنەری کارەبا لە ئەفریقیا و حەوتەم لەسەر ئاستی جیهان. 

ژمارەی دانیشتوانی ئەسیوپیا 105 ملیۆن کەسە و لەسەدا شەست و پێنجی لە ئێستادا بێکارەبان و زۆربەی زۆریان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. ئەم بەنداوە بووە بە پرۆژەیەکی نیشتمانی.
 
ئەسیوپیای فیدراڵی، لە دەیان نەتەوە و ئایین و رەگەزی جیاجیا پێکهاتووە، بە بەردەوامی کێشەیان هەیە لەگەڵ یەکتر لەسەر زەوی و دەسەڵات. ئەم بەنداوە سوود بە زۆربەی خەڵکەکە دەگەیەنێ و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتی ئەو وڵاتە بە کەم و زۆر بە پشکی پارە بەشدارییان تێدا کردووە و زۆربەی هاوڵاتیان لە دەوری ئەم پرۆژەیە کۆبوونەوەتەوە. 
ئەسیوپیا هەست دەکات 100 ساڵە بەشی خوراوە و داوای مافی خۆی دەکات لە ئاوی رووباری نیل. هەروەها دانیشتوانی ئەو وڵاتە هەستدەکەن میسر لە دێرزەمانەوە زوڵمیان لێدەکات. 

 بوونی بەنداوی نەهزە لەسەر رووباری نیلی شین، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر رێژەی ئەو ئاوەی دەگات بە میسر و بەنداوی عالی میسری، کە بڕبڕەی ژیانە لە میسر، لەسەدا چلی دانیشتوانی میسر لە دەلتای نیل دەژین و بەشێکی زۆری تری دانیشتوانی میسر لە دەوروبەری رووباری نیلن و لە شارستانیەتی فیرعەونەکانەوە تاوەکو ئێستاش ئەو وڵاتە بەند بووە بە رووباری نیلەوە. میسر بەبێ نیل بیابان و وشکاییە و بێ کشتوکاڵ و ئاوەدانییە.
وا دەبێتە 10 ساڵ حکومەتی میسر و ئەسیوپیا لە گفتوگۆدان بۆ دابەشکردنی رێژەی ئاو، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون بە ئامانج و ناکۆکییەکانیان چارەسەر ناکرێ.

رووباری نیلی میسر، لە چەند سەرچاوەیەکەوە دێت؛ لە دەریاچەی ڤیکتۆریاوە بەشێکی کەم دێتە خوارێ، رووباری نیلی سپیش لە دەریاچەی نوو تا خەرتووم درێژ دەبێتەوە. بەشی زۆری نیلی میسر لە خاکی ئەسیوپیاوە دێت، ئەویش لە سێ رووبارەوەیە: رووباری سوبات لە گردەکانی خوارووی ئەسیوپیاوە دێت، رووباری عەتبەرە و رووباری نیلی شین. رووباری شین روباری سەرەکیی نیلی میسرە و ساڵانە 49 ملیار مەتر سێجا ئاو دەدا بە بەنداوی عالی لە کۆی 84 ملیار مەتر سێجای ئاوی ئەو بەنداوە کە بەکاردەهێنرێت، هەندێ ئاوی تر لە خاکی سودان دەچنەوە ناو ئەو رووبارە. بە هەموو بەشەکانی تر نزیکەی 35 ملیار مەتر سێجا دەدەن بە نیلی میسر، کە نزیکەی شەش ملیاری دەبێتە هەڵم. یەدەگی بەنداوی عالی 160 ملیار مەتر سێجایە.

بەنداوی نەهزە، لەسەر رووباری نیلی شین دروستکراوە، بۆیە میسر هاواری لێهەڵساوە. راستە ئەو رووبارە بە سوداندا دەڕوات پێش ئەوەی بگات بە میسر، بەڵام لەسەر سودان کاریگەرییەکەی جیاوازە. هەرچەندە ئەم بەنداوە بەشی سودانیش کەم دەکاتەوە، بەڵام بەهۆی بارانی زۆر لە وەرزی هاوین لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئۆکتۆبەر، لە ناوچەی نیلی شین، ساڵانە لافاو روودەدات و ئەو لافاوە زیانی زۆر بە سودان دەگەیەنێ، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەسیوپیا نییە، چونکە ئاوە زۆرەکە روو لە سودان دەکات. بەهۆی ئاوی باران و لافاوەوە، قوڕ و لیتەیەکی زۆر دەڕژێتە ناو خاکی سودان، ئەم قوڕاوە زیانی زۆر لە کشتوکاڵ دەدات. دروستکردنی بەنداوی نەهزە، سودان لە لافاو و قوڕولیتە رزگار دەکات و بە نرخێکی کەمیش کارەبای دەستدەکەوێت لە ئەسیوپیاوە. کێشەی گەورەی ئەو بەنداوە بۆ سودان ئەوەیە؛ ئەگەر هاتوو ئەو بەنداوە خۆی نەگرت و لەبەر هەر هۆیەک بێت بڕووخێ، ئەوا سودان ژێر ئاو دەکەوێت و دەبێتە مەترسیی بۆ سەر دانیشتوانەکەی. ئەسیوپیا دڵنیایی دەدات بە سودان و میسر کە کێشەی نییە، بەڵام هەندێ سەرچاوە دەڵێن زەوی ئەو بەنداوە لەسەر پلێتی بومەلەرزەیە و خاکی ژێرەوەشی فشەڵە. ئەگەر ئەو بەنداوە بڕووخێ، هیچ زیان لە خاک و دانیشتوانی ئەسیوپیا نادات، بەڵام سودان نوقمی ئاو دەکات.

بەنداوی نەهزە زیانی زۆر لە میسر دەدات. پڕکردنی بەنداوی نەهزە، بە سێ قۆناغ دەبێت؛ قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و کێشەی بۆ میسر نەبوو. کۆگاکانی ئاوی بەنداوی نەهزە لە ناوچەیەکی شاخاوییە و بە شێوەی هەڕەمییە، دۆڵەکان لێک نزیکن و بە ئاوێکی کەم قۆناغی یەکەمی کۆگاکان پڕ بوونەوە، بەڵام قۆناغی دووەم و سێیەم، ئاوی زیاتری دەوێت، بەهۆی ئەوەی نێوان شاخەکان لێک دووردەکەونەوە. ئەمساڵ لە مانگی تەمووز دەستدەکرێت بە پڕکردنی قۆناغی دووەم، تاکو ئێستا کێشەی دروستنەکردووە بەهۆی ئەوەی بەنداوەکە بەشی ناوەندی تەواو نەبووە و ناتوانن بەتەواوی پڕی بکەن.

لە حوزەیرانی 2020، میسر و سودان بەفەرمی داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە چارەسەر بدۆزێتەوە، بەڵام تاکو ئێستا هیچی نەکردووە. ئەمە بۆ میسر و سودان باشە و ئەگەر بە شەڕ چارەسەری ناکۆکییەکەیان بکەن؛ ئەوا دەستیان واڵایە. 

10 ساڵ لە گفتوگۆی بێئەنجام و دوای دەیان دانیشتنی دووقۆڵیی میسر و ئەسیوپیا و سێقۆڵیی لەگەڵ سودان و لیژنەی یەکێتیی ئەفریقیا و دانیشتن لەژێر چاودێریی ئەمەریکا؛ کێشەکە چارەسەر ناکرێ، رەنگە هەڵبژاردەی شەڕ ببێتە تاکە رێگە. 

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، وتی "بەشە ئاوی میسر هێڵی سوورە، نابێ دەستی لێبدرێت". هەروەها وتی "کەس وا بیرنەکاتەوە کە لە هێز و توانای ئێمە دوورە و دەستمان نایگاتێ".

ئابی ئەحمەد، سەرۆکی ئەسیوپیا، لە بەردەم پەرلەمانی ئەسیوپیا وتی "دەتوانین چەندین ملیۆن سەرباز کۆبکەینەوە و هیچ هێزێک ناتوانێ رێگە لە وڵاتەکەمان بگرێ بەنداوی نەهزە دروستبکەین".

 لەوبارەیەوە حکومەتی چین رایگەیاند "ئێمە دژ بە هەموو دەستتێوەردانێکی دەرکی دەبین لە کاروباری ناوخۆی ئەسیوپیا". هەر وڵاتێک پشتگیری هەر لایەنێکیان بکات؛ لەبەر چاوی رەشیان نییە، بێگومان بازرگانی و دەسەڵات هۆکاری سەرەکیی دەبن.

زۆربەی ئەو وڵاتانەی رووباری نیل پیایاندا دەڕوات، وەکو (ئۆگەندا، کینیا، تەنزانیا، رواندا و بۆرۆندی)، میسر خۆشەویست نییە لایان و وەک هێزێکی داگیرکەر لێی دەڕوانن، لەگەڵ ئەوەشدا لەو چەند مانگەی دوایی، میسر کەوتووەتە کەمپینێکی گەورە لە دیپلۆماسیەت و هەوڵی داوە پەیوەندی باش دروستبکات لەگەڵ سودان، بنکەیەکی سەربازیی لەسەر خاکی سودان دامەزراند و پێکەوە راهێنان دەکەن. هەروەها لەگەڵ جیبۆتی و ئۆگەندە و کینیا پەیمانی سەربازییان واژۆ کردووە، بەڵام سۆماڵ دۆستی بەهێزی ئەسیوپیایە و میسر نەیتوانیوە لێی نزیک بێتەوە.

ئەسیوپیا سیستمی بەرگریی دژەفڕۆکەی فەرەنسی لە 2016وە دامەزراندووە. 

ئابی ئەحمەدی سەرۆکی ئەسیوپیا، ئەم دژایەتییەی میسری پێ خۆشە. ئەبی ئەحمەد کێشەی هەیە لە ناوخۆدا، دەبوو هەڵبژاردن لە مانگی ئابی 2020 بکات و نەیکرد، پەتای کۆرۆنای کرد بە بیانوو. بەنداوەکە دەبوو لە 2017 تەواو بێت و هەر تەواو نەبووە، ئەمە جێی نیگەرانیی خەڵکەکەیە. بەشێک لە جەماوەرەکەی لەدەستداوە بەهۆی خراپیی حوکمکردنی و پشتگوێخستنی گەلی میهری کە پاڵپشتی سەرەکیی بوون. شەڕیش لەگەڵ گەلی تیگرای، بێهێزی کردووە لەناوخۆدا، بەڵام هەڕەشەی میسر وا دەکات دووبارە جەماوەر لێی کۆببنەوە و پشتگیری بکەن.

ئێستا کێشە لەسەر دروستکردنی بەنداوەکە نەماوە، کێشەکە بووەتە چۆن و بە ماوەی چەند ئەو بەنداوە پڕ دەکەن؛ میسر داوا دەکات بە 12 ساڵ پڕی بکەن و ئەسیوپیاش بەمە رازی نییە. 

سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتە، دەبێ چاوەڕوان بکەین بزانین ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەری پێدەکرێ، یاخود دواچارەسەر لە شەڕدا دەدۆزرێتەوە لەنێوان دوو گەورەترین وڵاتی ئەفریقیا لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە. 

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan