د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

پیشەی لەشفرۆشی

لەشفرۆشی، بە کۆنترین پیشە دادەنرێت لە مێژوودا کە تاکوو ئێستاش بەردەوامیی هەبێت. کاتێک پارە وەردەگیرێت بەرانبەر بە سێکسکردن، جا بە هەر شێوەیەک بێت، چ ژن و چ پیاو بێت، ئەوا بەو کارە دەوترێت: لەشفرۆشی.  

لەشفرۆشی جۆر و شێوەی جیاوازی هەیە، بەپێی سەردەم و شوێن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئەو کارە لە هەندێک شوێن فەرمییە و بەئاشکرا دەکرێت، لە هەندێک شوێنیش بەنهێنی. لە هەندێک شوێن یاساییە و بە یاسا رێک خراوە، لە هەندێک شوێنیش نەک هەر نهێنییە، بەڵکوو سزای یاساییشی لەسەرە. لە هەندێک شوێن نەک هەر یاساییە، بەڵکوو هانیش دەدرێن بۆ ئەو کارە، ئەویش بە رێخۆشکردن و بەفەرمیکردنی؛ وەک ئەوەی لە هۆڵەندا هەیە، یان وەک ئەو کۆمپانیانەی لە کرواتیا هەن، کە لەژێر ناوی هاوڕێیەتی خەڵک بۆ وڵاتانی دەرەوە دەنێرن بەشێوەیەکی فەرمی.

لە کوردستان و عیراق، بەپێی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1988 (قانون مكافحة البغاء رقم 8 لسنة 1988)، سزای یاسایی بۆ لەشفرۆش و ئەو کەسانەش کە بازرگانییان پێوە دەکەن دانراوە. سزای لەشفرۆش، لە نێوان سێ مانگ بۆ دوو ساڵە. سزای بازرگانەکە (گەواد)ەکەش، بەپێی دۆخی تاوانەکەی دەگۆڕێت، ئەگەر بەزۆر بازرگانی بە کەسێک بکات کە تەمەنی لە 18 ساڵ و بەرەو سەرەوە بێت، سزاکەی لە 10 ساڵ تێپەڕ ناکات، خۆ ئەگەر لە 18 ساڵ کەمتربوو، ئەوا لە 15 ساڵ تێپەڕ ناکات. لەو یاسایەدا هیچ سزایەکی بۆ (کڕیار)، واتە ئەو کەسەی لەگەڵ لەشفرۆش کارەکە ئەنجام دەدات، دانەنراوە. 

لەشفرۆشی، ژن و پیاو دەگرێتەوە، بەڵام رێژەکەیان زۆر جیاوازە، لە سەدا هەشتایان ژنن و لە سەدا بیستیش پیاو. 

بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان، ئەو شوێنانەی لەشفرۆشییان تێدا ئەنجام دەدرێت لە کوردستان، زۆرن و زیاتر لە شاری سلێمانی داتاکان بڵاو دەکرێنەوە، کە بە 500 شوێن دەخەمڵێنرێن، بەڵام لە هەولێر و دهۆک هەرچەند ژمارەکان ئاشکرا نەکراون و بە دیاردە دانەنراوە، لەگەڵ ئەوەش زوو زوو پۆلیس ئاماری ئەو کەس و باندانە بڵاو دەکاتەوە کە دەستگیر دەکرێن و ژمارەشیان کەم نین.

لە ئیسلامدا لەشفرۆشی قەدەغە نەکراوە، بەڵام نەویستراوە.

بۆ نموونە لە قورئاندا لە ئایەتی 33ی سورەتی نوردا ئاماژەی بۆ کراوە و دەفەرمووێت: "وَلَا تُكْرِهُوا فَتَيَاتِكُمْ عَلَى الْبِغَاءِ إِنْ أَرَدْنَ تَحَصُّنًا لِّتَبْتَغُوا عَرَضَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَمَن يُكْرِههُّنَّ فَإِنَّ اللَّهَ مِن بَعْدِ إِكْرَاهِهِنَّ غَفُورٌ رَّحِيمٌ"

(زۆر لەو کیژانە مەکەن کە موڵکی ئێوەن ببن بە لەشفرۆش بەتایبەتی ئەگەر حەزیان کرد شوو بکەن و خۆیان بپارێزن، ئەوەی زۆریان لێ بکات ئەوا دوای ئەو زۆرلێکردنە خوا بەخشندەیە).

هەروەها لە ئایەتی 24ی سورەتی نیسائیشدا دەفەرمووێت: "وَٱلْمُحْصَنَٰتُ مِنَ ٱلنِّسَآءِ إِلَّا مَا مَلَكَتْ أَيْمَٰنُكُمْ كِتَٰبَ ٱللَّهِ عَلَيْكُمْ وَأُحِلَّ لَكُم مَّا وَرَآءَ ذَٰلِكُمْ أَن تَبْتَغُواْ بِأَمْوَٰلِكُم مُّحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَٰفِحِينَ فَمَا ٱسْتَمْتَعْتُم بِهِ مِنْهُنَّ فَـَٔاتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِيمَا تَرَٰضَيْتُم بِهِ مِن بَعْدِ ٱلْفَرِيضَةِ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا" 

هۆکارەکانی لەشفرۆشی زۆرن، بەڵام سەرەکیترینیان دۆخی ئابوورییە؛ زۆربەی جار بەهۆی نەبوونییەوە هەندێک کەس و لایەن ئەم هەلە دەقۆزنەوە و کەسە هەژارەکە دەخەنە تەڵەی لەشفرۆشییەوە، ئەمە لە نێو پەناهەندەکان و راگوێزراوەکاندا زۆر روو دەدات، بەتایبەتی لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا. هەروەها لە نێو چەند توێژێکی دیکەدا، وەک: بێوەژنێک کە سەرچاوەی بژێوی نەبێت، کچی گەنجی بێدەرامەت و بێکەس، ئەو کچانەی زوو بەشوو دەدرێن و جیا دەبنەوە و لە خێزانەکانیاندا قبووڵ ناکرێنەوە، ئەو کەسانەی توندوتیژی سێکسییان بەرانبەر کراوە، هەتیوی بێدەرامەت، دەرۆزەکەر، منداڵی بێسەرپەرشت، یاخود ئیشکەر... نەبوونی سیستمی سۆشیال بۆ یارمەتی کەمدەرامەتەکان لە وڵاتانی جیهانی سێ، فاکتەرێکە بۆ زیادبوون و تەشەنەکردنی ئەو دیاردەیە.

لە لەشفرۆشیدا بەئاسانی پارەی پەیدا دەکرێت، لە سەرەتادا قوربانییەکان بەئاسانی هەڵدەخەڵەتێن و دەکەونە نێو تەڵەی ئەو باندانەوە، بەڵام هاتنەدەرەوەیان زۆر ئەستەم دەبێت، چ لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە بە چاوی سووک سەیریان دەکات، چ لە ترسی هەڕەشەی بازرگانەکان کە گلیان دەدەنەوە. هەندێک جاریش هەلی ئەوەیان هەیە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام هێندە خۆیان بەنزم دەبینن، خۆیان هەر بە شایەنی ئەو کارە دەزانن.

لە وڵاتێکدا کە شەڕی تێدا بێت، ئەم دیاردەیە زیاترە، چ لەبەر بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و نەبوونی، چ لەبەر ناسەقامگیریی باری کۆمەڵایەتی و بۆ پارێزگاری لەخۆکردن، یان وەکوو سەبایە دەبردرێن وەک ئەوەی داعش بە ژنە یەزیدییەکانیان کرد. 

زۆربەی کات کڕیارانی سێکس پیاون، ئەمە نەک لەبەر سەڵتی و نەبوونی خێزان، بەڵکوو زۆر جار پیاوەکە کێشەی سێکسکردنی نییە، بەڵام مەبەستیەتی ئەو شێوازانە بەکار بهێنێت کە لەگەڵ خێزانەکەی ناتوانێت بەکاریان بهێنێت، تا زیاتر نێرایەتی خۆی بنوێنێت و توندوتیژی بەکار بهێنێت. هەندێک جار ژنیش کڕیاری سێکسن، بەتایبەتی ئەوانەی بەتەمەن گەورە بوون، یان پارەدارن، لەگەڵ کوڕی گەنجی بێدەرامەت بەدوای چێژدا دەگەڕێن. ئەم جۆرە کەسانە زیاتر گەشتی دەرەوە دەکەن بۆ ئەو وڵاتانەی ئاسانتر ئەو کارە بەدەست دەهێنن، وەک وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و باشووری ئاسیا.

کڕیاری سێکس لە هەموو چین و توێژێکدا هەن، بەپێی توانای دارایی و شوێن، جۆری سێکسکردنیان دەگۆڕێت. بازرگانەکان شوێنی تایبەتی ئامادە دەکەن لە: ئوتێل، ماڵ، یانە و شوێنی شێلان... هەندێک جار ئەو شوێنانە ئاشکران لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە، بەڵام چاوپۆشییان لێ دەکەن، ئەویش لەبەر ئەوەی هەندێک سیاسی و دەسەڵاتدار لەپشتیانەوەن، یاخود بەرتیلیان پێ دراوە، یان خۆیان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن.

ئەم پیشەیە ئەگەر بە قاچاخ و نهێنی بکرێت مەترسیدارترە، چ بۆ مافی لەشفرۆشەکە، چونکە هەردەم لەژێر رەحمەتی بازرگان و کڕیاردایە، چ لەبەر بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی سێکسەوە تەشەنە دەکەن. 

بەیاساییکردنی لەشفرۆشی، مانای هاندان نییە، لەو شوێنانەی بەیاسایی کراوە، ژمارەیان زیاتر نییە لەو شوێنانەی کە بەنهێنیی دەکرێن. ئەمە جگە لەوەی بەیاساییکردنی لەشفرۆشی، لە بەرژەوەندی لەشفرۆشی بێدەسەڵاتدایە و لە زۆر مەترسی رزگاری دەکات، وەک: ژنکوژی، گوشاری دەروونی و بەکارهێنانی منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ، چونکە بەشێکی زۆر لەو قوربانییانە، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەخرێنە نێو ئەو بازرگانییە نامرۆڤانەییەوە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan