د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

کێشەی ئیشکردنی ژن

راستە هەموومان دەڵێین ژن نیوەی کۆمەڵە و دایکی نیوەکەی تریەتی و بە بێ ژن ژیان بەردەواميی نابێت، بەڵام ئەمە وەک زۆربەی رستە بریقەدارەکانمانە و سواوە. ئەوەی راستییە، ژن لە نێو کۆمەڵگەدا نەیتوانیوە رۆڵی لە گەشەدان و گۆڕانکاری وەک نیوەکەی تری کۆمەڵ، کە پیاوە ببیننێ. ئەم کێشەیە جیهانییە، بەڵام بە رێژەی زۆر جیاواز. هەندێک وڵات هەوڵی زۆری داوە تا یەکسانیی نێوان ژن و پیاو جێگیر بکات، لە هەندێک وڵاتی تر کەمترین مافیان پێ دراوە و گەر بڵێین لە ئاستی مافی ئاژەڵ تێپەڕ ناکات؛ زیادەڕۆیی نییە.

وشەی ژن بەکار دەهێنم نەک کچ، چونکە کچ تەمەنی بچووکیش دەگرێتەوە. بەپێی یاسا، لە دوای 16 ساڵییەوە مرۆڤ دەتوانێت دەست بە ئیشکردن بکات؛ لەو تەمەنە بچووکتر، بە منداڵ هەژمار دەکرێت و ئیشکردن بە منداڵ قەدەغەیە.

کاتێک ژن بێکار بێت و لە ماڵ دابنیشێت، زۆر بە ئاساییتر وەردەگیرێت وەک ئەوەی پیاو بێکار بێت، تەنانەت ئەگەر هەمان حەز و پێداویستیشیان بۆ خۆبەخێوکردن، یان یارمەتیی کەسوکار هەبێت.

زۆر جار دەڵێن پیاو هەر کارێک بکات ئاساییە و هیچ کارێک شەرمی تێدا نییە، بەڵام بۆ ژن، دەخرێتە قەپانەوە و بە بێژینگ دادەکرێت، ئەمە هەر لەبەر خاتری ژن نییە، کە هەموو ئیشێکی پێ رەوا نەبینن، بەڵکوو زیاتر لە ترسی کۆمەڵگەیە و ترس لە ناوزڕاندنیەتی، لەکاتێکدا ئەو ژنانە ژیان و ناویان زۆر لا گرنگە و ئامادە نین هەنگاوێک بهاوێژن کە بە خراپە بۆیان بشکێتەوە. لەگەڵ ئەوەش، رێگەیان پێ نادرێت لە زۆر تەوەر و شوێندا کار بکەن.

لە عیراق و لە کوردستان مافی ئیشکردنی ژن بەپێی یاسا پارێزراوە، یاساکانمان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان لە پارێزگاری لە تەندروستیی ژن و دایک، دابینکردنی مافەکانیان و یەکسانیی مووچە... بۆ کارکردنی ژنان، کێشە لە یاساکاندا نییە، بەڵکوو کێشە و رێگرەکان لە شێوەی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەدایە. رەگی ئەو کێشەیە لە کولتوور و ئایینەوە سەری هەڵداوە، چ لە دیدیان لە بێهزیی ژن، چ لە ترسی ناوڕزانیان و لەکەدارکردنیان، چ لە ترسی ئەوەی لە دەسەڵاتی پیاو کەم بکەنەوە. کۆمەڵگەی کوردی بە ژن و پیاویەوە نەیتوانیوە بڕوا بە هێز و توانای ژن بهێنێت و بەشداریی کارایان لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا پێ بکرێت و لە شوێنی بڕیاردا بن، بەڵکوو زیاتر ژن لە هەردوو سێکتەری پەروەردە و تەندروستیدا کار دەکەن. 

کاریگەری ئایین لەسەر ئیشکردنی ژن، لە هەندێک سەرچاوەوە سەری هەڵداوە، لەوانە: لە ئایەتی 34ی سورەتی نیسائدا هاتووە: "الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ". راستە هێزی ماسوولکەی پیاو زیاترە، بەڵام زۆربەی ئیشی ئێستا پێویستی بە هێزی بازوو نییە، سەردەم سەردەمی تەکنەلۆژیایە و گەورەترین دار و بەرد کە بە هێزی بازووی 20 پیاویش بەرز نەدەکرایەوە، ئێستا لە رێگەی تاکە کەسێک کە هیچ هێزی بازووشی نەبێت؛ جا چ ژن بێت یان پیاو، تەنیا زانیاری لە بەکارهێنانی ئامێردا هەبێت، ئەوا لە رێگەی ئەو ئامێرانەوە بەرزی دەکاتەوە و دەیگوێزێتەوە. جا با باسی تەکنەلۆژیاش نەکەین و تەنیا سەیری ژنی لادێ بکەین، کە چۆن شانبەشانی پیاو هەموو کارێکی کردووە. هەروەها لە زمانی پێغەمبەر لە فەرموودەیەکدا هاتووە: "يا مَعْشَرَ النساء تَصَدَّقْنَ فإني أُرِيتُكُنَّ أكثر أهْل النار." فقُلن: وبِمَ يا رسول الله؟ قال: "تُكْثِرْن اللَّعن، وتَكْفُرْن العَشِير، ما رَأَيْت من ناقِصَات عَقْل ودِين أَذْهَبَ لِلُبِّ الرَّجُل الحَازم من إحدَاكُن". لێرەدا پێغەمبەر ژنی بە کەمئەقڵ داناوە و کەسی کەمئەقڵیش توانای زۆر ئیشی نابێت. بەڵام ئێستا دەبینین ژن لەو شوێنانەی رێگەی خوێندنی بۆ واڵا کراوە، شانبەشانی پیاو لە زۆر شوێنی هەستیاردا کار دەکات و لە بەرهەمی مێشکدا هیچی لە پیاو کەمتر نییە.

لە ئایەتێکی تری قورئاندا، کە ئایەتی 33ی سورەتی ئەحزابە و بۆ ژنانی پێغەمبەر هاتووەتە خوارەوە و زۆر لە موفەسیرەکان دەڵێن "کەواتە دەبێت بۆ هەموو ژنێک بێت"، هاتووە: "وَقَرْنَ فِي بُيُوتِكُنَّ وَلَا تَبَرَّجْنَ تَبَرُّجَ الْجَاهِلِيَّةِ الْأُولَى". کە دەڵێت "دەبێت ژنەکان لە ماڵدا بمێننەوە". لە هەمان سورەت لە ئایەتی 53دا هاتووە: "وإذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ". هەروەها لە فەرموودەیەکی تری پێغەمبەردا هاتووە: "لا یخلو رجل وامرأة إلا وكان الشيطان ثالثهما" ئەم ئایەت و فەرموودانە رێگری لە ژن دەکەن بەشداریی کاری دەرەوە بکات، سنوور بۆ تێکەڵیی ژن و پیاو دادەنێن و ترس دروست دەکەن.
کورد وەک گەل خاوەنی کولتووری خۆی بووە و ژن ئازادیی زیاتری هەبووە بەراورد بە گەلانی دەوروبەرمان، مێژووەکەمان نیشانمان دەدات کە ژن لە زۆربەی کار و کاسبییەکاندا بەشدار بووە و تا رادەیەکی باش سەربەست بوون. بەهۆی ئەوەی کورد لەو چەند دەیەیەی رابردوو زیاتر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی تەوژمی دەسەڵات و کولتووری عەرەب، تورک و فارس، خەریکە کولتووری کوردیی لەدەست دەدات. ئەو نەتەوانە، بەشێکیان لە رێگەی ئیسلامگەرییەوە و بەشێکیش لە رێگەی پاراستنی بەرژەوەندیی پارتە سیاسییەکانی کورد لە دەسەڵاتدا، هەوڵیان داوە کولتووری کورد لەبار ببەن و بەتەواوەتی بمانخەنە ژێر هەژموونی خۆیان. داگیرکەر گەر نیوەی کۆمەڵ تووشی ئیفلیجی بکات و نیوەکەی تریش بخاتە ژێر هەژموونی فکریی خۆیەوە، زۆر بەئاسانی دەتوانێت دەست بەسەر ئەو گەلەدا بگرێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان بهێنێت وەک ئەوەی ئێستا لەئارادایە. 

داگیرکەر هەوڵ دەدات بە شێوەی جیاجیا گەلی ژێردەستەی بە کەمتر دابنێت و ئەو بڕوایانەش لە مێشکی گەلی ژێردەستدا بچەسپێنێت. کورد خۆی بە کەمتر دەبینێت و داگیرکەرەکەشی بە باڵاتر، هەر بۆیە نەک هەر هەوڵی ئەوە دەدات لاسایی داگیرکەرەکەی بکاتەوە، بەڵکوو رێخۆشکەریەتی تا بیروباوەڕی بچەسپێنێت لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا.
رێگری تر زۆرن لە نێو کۆمەڵگە وەک:  
- رۆڵی ژن، کورت دەکرێتەوە زیاتر لە رۆڵی هاوسەر، ژنی ماڵ و دروستکردنی منداڵدا. ئەو کارانەش دەستکەوتی مادییان تێدا نییە و وا لە ژن دەکەن بەتەواوی پشت بە پیاو و سەرچاوەی دارایی پیاو ببەستێت، هەر کاتێکیش مرۆڤێک پشتی بە دارایی یەکێکی تر بەست، بێگومان دەبێت بەپێی خواست و بەرژەوەندیی ئەو کەسە هەڵسوکەوت بکات؛ ئەمەش لە بەرژەوەندیی بەردەوامبوونی سیستمی پیاوسالاریدایە.
- ترس لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان؛ هەوادارانی هێشتنەوەی ژن لە ماڵدا، هەوڵ دەدەن کێشەی هەندێک خێزان، کە ژنەکان ئیش دەکەن، زەق بکەنەوە و ترس بخەنە نێو دڵی ئەو کەسانەی لە دوودڵی و گوماندا دەژین، هەرچەندە هەمان جۆری کێشە لە خێزانێکیش روو دەدات کە ژنەکانیان کار ناکەن.
- ترس لە یەکسانی؛ لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا، یەکسانی بە مەترسی دەزانن و وای دەبینن لە شوێن و پێگەی پیاو کەم دەکاتەوە و دەسەڵات لەدەست دەدات.
- ترس لە ئازادیی ژن؛ کۆمەڵگەی پیاوسالاری، دژی ئازادیی ژنن، ئەو ئازادییە وەک ئازادیی رەها و بێسنوور نیشان دەدەن و پروپاگەندەی  دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی بێڕەوشت دەکەن و هەوڵی ناشیرینکردنی هەموو ئازادییەک دەدەن، هەندێک نموونەی نامۆ و ناشیرینی ژن دەکەن بە دیاردە کە ئەم جۆرە ئازادییە زۆر دوورە لە ئازادیی راستەقینەی ژن و داواکانی ژن.

رێگرەکان زۆرن، بەڵام گەر ژن و پیاو پێکەوە هەوڵ بۆ ئەوە نەدەین کە ژن رۆڵی خۆی ببینێت وەک تاکێکی کارای کۆمەڵگە، هەر دواکەوتوو و ژێردەستە دەمێنینەوە. هەروەک بێکەسی مەزن دەفەرمووێت:
نێر و مێ هەردوو بەجووتە بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن
دوورە دەرچوونی لە دیلی، مەل بە باڵێ نافڕێ

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan