خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

لوتکەی دووەمی بارزانی- تاڵەبانی

سەروەختی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان، ململانێیەکان تا ئەندازەی نزیکبوونەوە لە دوو ئیدارەیی توند بوون، فەیسبووکوانان لەبری سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی بڕیاریان ئەدا، نزیک بوو ھەندێک لەوانەی لە ھەردوو لا لەسەر ناسنامە ئەندامی سەرکردایەتی بوون ئاگری شەڕەکە خۆشتر بکەن، ھا وەرە مادام شەڕەکەت خۆشتر کرد ئەم ڤێلایە بۆ تۆ، نا  نەخێر با ئەم باخەیشی لەگەڵ بێ، ئاخر تۆ نەبوایەی دەستکەوتی کەسیم کەمتر ئەبوو.

کوردستان بەھۆی دوژمنی زۆر و سەرکردایەتی زۆر و بۆری خراپەوە تائێستا ئۆقرەی نەگرتووە، مەقاشی ناوخۆیی یان دەرەکی پشکۆکەی زیاتر گەشاندووەتەوە، پەنا بەخوای ناوێ، ئیتر لێرە بازاڕەکە بەو شێوەیە گەرمتر ئەبێ.

زینی وەرتێ، پلان یان پیلان بێ، دوو کارەکتەری سەرەکی کاریگەرییان لەسەری ھەیە، کوردی پەرتەوازە و دوژمنی دڵڕەق، پێم بێژە تۆ لە کامیانی؟

پارتی و یەکێتی ھەڵەی زۆریان ھەیە، سەردەمی مام جەلال بڕیار ھەرچۆن بوایە لای خۆیەوە، بێ گوێگرتن لە سەرکردایەتی خەڵەفاو و بەرژەوەندیخواز دەرەچوو،  ئەو زۆر زەمی ئەکرا، بە خۆشمەوە، وامان ئەزانی ئێمەی گەنجی سەرەڕۆ لەو باشتری لێ ئەزانین، کەچی زوو، زۆریش زوو، دەرکەوت دوورنمای سیاسی مام جەلال، زۆر لەپێشترە لە عەقڵ و بیرکردنەوەی رۆژانەیی، چما ئەو وای نەکردبا ئێستا کوردستان چی لێ ھاتبوو.

لە پارتیش ھەمان زڕە سیاسی پیاکەوتوو ھەبوون، ئەیانویست بە شاباش و جنێودان بە یەکێتی ببنە فیگەرێکی زەرد، باش بوو دەستی کاک مەسعود ھێندە بەھێز و درێژ بوو، ھەم دەمی زۆر لەوانەی شکاند و ھەم دەستیشی گەیاندە ناو دەستی ئاشتیخوازیی مام جەلال.

ئێستا کوردستان لە ھەمان دۆخدایە، یەکڕیزی نیشتیمانی، بەرەوپێشبردن و پاراستنی کوردستان، رێگرتن لە ئاشووب و داگیرکاری، پارێزگاری لە شکۆی پەکەکە،  نرخدان بە خەباتی شکۆدارانی رۆژھەڵاتی کوردستان و دەستگیرۆیی بەرخودانی رۆژئاوا،  لەگەڵ سەدان کەموکوڕی و گەندەڵی و پرسیار و رەخنەی جدی، ھەر لەسەر تەبایی یەکێتی و پارتییە.

تەبایی یەکێتی و پارتی ئاسانە، بڕیاری ورد و یەکلاکەرەوەی ئەوێ بێ گەڕانەوە بۆ ھەندێک سەرکردایەتی و بەرژەوەندیخوازی بودەڵە، کۆبوونەوە و نیەتی پاکی ھێژایان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، دەیان ھەنگاو کێشەکان لە چارەسەر نزیک ئەکاتەوە.

دۆخەکە ناسکە و ھەنگاوی کرداریی ئەوێ.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan