د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

بۆکۆ حەرام.. داعشەكەی ئەفریقا

رێکخراوێکی ئیسلامی سوننی سەلەفی جیهادییە و بەیعەتی لە داعش وەرگرتوە، هەوڵی دامەزراندنی حوکمی شەریعەت دەدا لە نەیجیریا و نێجیر و تشاد و کامرون،  بۆکۆ حەرام  بە زمانی هەوسی (ئەو زمانەی لە نێجیر و باکووری نەیجیریا و بەگشتی لە نێو ئیسلامییەکانی رۆژئاوای ئەفریقا پێیداخڤن) مانای زانست و کولتووری رۆژهەڵاتی حەرامە. هەندێكجار ناوی تالیبانی نەیجیریا لەو گروپە دەنێن و بارەگای سەرەکییان لە باکووری نەیجیریایە لەسەر سنووری نێجیر. ئەم گروپە خوێناویترین و دڕندەترین گروپی ئیسلامییە توندڕەوەکانە. داوای دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر شەریعەتی  ئیسلامی دەکات.

دانیشتوانی نەیجیریا 50.5٪یان ئیسلامن و لە 48.2٪ موسەوین. دانیشتوانەکەی لە نزیک 250 عەشیرەت و ئیتنیکی جیاجیا پێکهاتوون. زۆربەی ئیسلامییەکان لە 12 هەرێمی باکووری نەیجیریا دەژین لە کۆی گشتی 36 هەرێم، (نەیجیریا سیستمی فیدراڵی هەیە و لەسەر شێوەی فیدراڵیەتی ئەمەریکیدایە)، ئەو هەرێمانە هەژاری و بێ ئیشی زۆرە و پشتگوێ خراوە لەلایەن حکومەتە گەندەڵکارەکانی یەک لەدوا یەکەکانی نەیجیریا. لە هەرێمەکانی نەیجیریا سی جۆرە یاسای بەپێی هەرێمەکە پەیڕەو دەکرێت، یاسا گشتییەکان، یاسای عورفی و باوی نێو میللەتەکە و یاسای ئیسلامی. 

نەیجیریا خاوەنی زۆرترین ریژەی دانیشتوانە لە ئەفریقا کە نزیکەی 206 ملیۆن کەسن. هەرچەندە لە ساڵی 1999 حکومەتەکان بە هەڵبژاردن و بەشێوەی دیموکراتی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، بەڵام لە وڵاتێک کە لەسەر شەڕی ناوخۆ و دوای چەندین ساڵ لە حوکمی عەسەری هاتووە، هەڵبژاردنەکان پڕن لە ساختەکاری. بەپێی وتەکانی محەمەد بخاری، سەرۆکی ئێستای نەیجیریا 150 بلیۆن دۆلار دزراوە لەو 10 ساڵەی دوایی.

بۆکۆ حەرام لە 2002 دامەزراوە لەسەر دەستی محەمەد یوسف، لە سەرەتادا لە تشاد سەریهەڵدا و لە کامرۆن و نێجیر و نەیجیریا دامەزراوە و بنکەی سەرەکییان لە هەرێمی بۆرنۆیە لە نەیجیریا. ئەو ناوچانەی دەکەوێتە ژێر دەستیان داکشان و راکشانی بەسەرهاتووە، بە‌هێزترین کاتیان لە ساڵی 2015 بوو. 

لە ساڵی 2004 دەستی بە شەڕی چەکداری کردووە و تاکو ئێستا نزیک 30000 سی هەزار کەس لەسەر دەستی چەکدارەکانیان کوژراون. تەنها لەنێوان 2013 تا 2015 زیاتر لە 11000 کەسیان لە سەرانسەری نەیجیریا کوشتووە. زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو کەس دەربەدەر بوون چ لەنێو نەیجیریا یان بەرەو کامرۆن و نێجیر و تشاد رایانکردووە.

هێرشەکانی بۆکۆ حەرام تەنها لە نەیجیریا نەبووە، بەڵکۆ لە کامرۆن و دەوروبەری دەریاچەی تشاد دەستڕۆیشتوو بوو بوون.
لە ساڵی 2009، محەمەد یوسف دەکوژرێت و ئەبوبەکر شیکاو جێی دەگرێتەوە. جموجوڵی رێکخراوەکە زیاتر و خوێناویتر دەبێت.
ئەوانەی پەیوەندی بەم گروپە دەکەن زۆربەیان بێكار، هەژار و نەخوێندەوارن. بۆکۆ حەرام لەو شوێنانەی لەژێر دەستیدایە دەبێت هەموو کەسێک پابەندی سیاسەتیان بێت، هەرکەسێک لەگەڵیان نەبێت، بێ یەک و دوو سەری دەپەڕێنن و بە خەوارجی دادەنێن.

دژ بە قوتابخانەی پەروەردەی ئاسایین و دایدەخەن و تەنها خوێندنگەی قورئانی مافی وانە وتنەوەی هەیە.
لە ساڵی 2014 بۆکۆ حەرام هێرشیکردە سەر قوتابخانەیەکی کچانی مەسیحی و 276 کچیان رفاند و 50 کچیان توانیان لە دەستیان رابکەن، داعش چی بەسەر کچە ئێزدییەکان هێنا، بۆکۆ حەرام هەمان رەفتاریان لەگەڵ ئەو کچانە کردبوو، کڕین و فرۆشتنیان وەک کەنیزەك و دین گۆڕینیان پێکردبوون و بەکاریان هێنابوون بۆ کرداری تەقینەوەی خۆکوژی. ئەم کردارەیان زیاتر بۆکۆ حەرامی بە دنیا ناساند. لەو کاتەوە چەند جارێکی تر منداڵانی قوتابخانەكانیان رفاندووە.

 لە ساڵی 2016، ئەبو مسعەبی بەرەناوی کە لەلایەن داعشەوە دادەنرێ لە شوێنی ئەبوبەکر شیکاو، بەڵام ئەبوبەکر شیکاو بەمە رازی نابێت و ئەمە دەبێتە هۆی دابەشبوونی ئەم رێکخراوە بەسەر دوو بەش. كۆمەڵی سوننە  بۆ جیهادكردن (جماعـە اهل السنە لدعوە الجیهاد) بە رابەرایەتی ئەبوبەکر شیکاو، لەگەڵ ئەوەی داعش لایداوە، بەڵام ئەبوبەکر بەغدادی هەر بە ئەمیری خۆی دەزانی و گروپی دووەم هەر بەناوی بۆکۆ حەرام دەبێت بە رابەرایەتی ئەبو مسعەبی بەرەناوی.

دابەشبوونی ئەم گروپە، لاوازیان دەکات و لە زۆر کات و شوێن شەڕ لەنێوانیان روودەدات بۆ سەپاندنی هێزیان. ئەم دابەشبوونە رێگە بۆ سوپای نەیجیریایش ئاسان دەکات کە لێیان بدەن و شوێنیان پێ چۆڵ بکەن و بەشێکی زۆر لەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندا بووە لەدەستی بدەن و بوونیان لە 10 هەرێم بۆ 2 هەرێمی باکووری نەیجیریا كەمی كردووە.

سەرچاوەی مادی ئەو گروپە لە رێگەی وەرگرتنی فیدیەیە لە کەسوکاری رفێندراوەكان و حكومەت، جا ئەو کەسانە خەڵکی وڵات بن یان بێگانەبن. بە زەبری وەرگرتنی پارە لە خەڵک و لە دەزگا حکومییە ناوچەییەکان و باج وەرگرتن. لە بڕینی بانکەکان. بە ‌هێرشکردنە سەر سوپا و بردنی چەکەکانیان لە چەکی سوک و قورس. یارمەتی مادی و لۆجیستیک و راهێنان لە رێگەی رێکخراوەکانی ئیسلامی توندڕەوەکانی تر وەک قاعیدە و قاعیدەی مەغریبی عەرەبی (گروپی ئەبو قەفا) و داعش وەردەگرن کە هەموویان بە بەشێک و چڵێک لە خۆیانی دەزانن کە لە رۆژئاوای ئەفریقا دەجەنگن بۆ سەرخستنی دەوڵەتی ئیسلامی. 

لە ساڵی 2018ەوە جموجوڵیان زیاد دەکاتەوە لە رفاندنی كچە خوێندکار و کوشتن و تەقینەوە و پێکدادان لەگەڵ سوپا و بۆمبڕێژکردن، کردەوەکانیان بەردەوامە و زیاتر بەشێوەی پارتیزانی کاردەکەن چ لە نەیجیریا و چ لە کامرۆن و چ لە تشاد. لە تشاد زەرەری زۆر گەورەیان لە سوپادا بەتایبەتی لە بۆما، هەر بۆیە حکومەتی تشاد ئۆپەراسیۆنی تۆڵەی بۆمای راگەیاند دژ بە بۆکۆ حەرام.

لە نەیجیریاش سەرۆك محەمەد بوخاری، یەک ملیار دۆلاری بۆ لێدانی بۆکۆ حەرام تەرخانکرد.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan